“بۆنی بن باخەڵی ئایدیۆلۆژیا!”زۆر سەیرە؛ هەندێک کەس هەن، بەوپەڕی وردبینییەوە هەڵسەنگاندن بۆ گشت بڕوا…
انتشار: 2026/07/21 10:49 UTC
“بۆنی بن باخەڵی ئایدیۆلۆژیا!”زۆر سەیرە؛ هەندێک کەس هەن، بەوپەڕی وردبینییەوە هەڵسەنگاندن بۆ گشت بڕوا، ئایین و فەلسەفەی خەڵکی دی دەکەن و لە گۆشەنیگای خۆیانەوە درز و کەموکورتییەکانیان وەدەردەخەن. شەو و ڕۆژ ڕەخنە لەم بیرۆکە و لەو سیستەمە و لە هەموو کەس دەگرن و هاوار دەکەن کە چەندە وێرانن، یان فڵانە کەس چۆنە و چییە؛ بەڵام تەنیا یەک جار سەر ناکەن بە باخەڵی خۆیاندا، تا بزانن ئایدیۆلۆژیاکەیان، یان خودی خۆیان، چەندە بۆنی گەنیوی دەمارگرژی، گەندەڵی و بەرتەسکیی لێ دێ!ئەمە گەورەترین داڕمانی بیر و هزرە؛ کاتێک مرۆڤ دەبێتە چاودێرێکی تیژبین بۆ دیتنی کەموکورتییەکانی جیهان، خەڵک و ئایدیۆلۆژیاکان، بەڵام لە ئاست بۆنوبەرامەی ناوەوەی خۆیدا، نە زمانی دەگەڕێ و نە چاو و لووتی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بە ئاگایی و وریاییەوە ناخی خۆی ببینێ و هەستی پێ بکا.ئەم دۆخە لە ڕاستیدا ڕەوتێکی ئاڵۆزی خووپێگرتن و پێڕاهاتنە؛ ڕێک وەک ئەوەی چۆن مرۆڤ بەرەبەرە بە بۆنی لەشی خۆی ڕادێ و هەستی پێ ناکا، ئاواش بە دەمارگرژی و کەموکورتییە فیکرییەکانی خۆی خوو دەگرێ و ئیتر توانای بینینی نامێنێ. لێرەوەیە کە خاڵی کوێریی هزر و بیر و مێشک پێک دێ؛ تاک لە ئاست هەڵەکانی ناخی خۆیدا تووشی کوێری دەبێ و دەگاتە قۆناغی خۆبەڕاستزانین و خۆپەسندیی ڕەها، بە جۆرێک کە وای بۆ دەچێ کێشەکە هەمیشە لە بڕوای ئەوانی دیکەدایە، نەک لە باوەڕی خۆیدا.ئاکامی کۆتاییی ئەم ڕەوتە نالەبارەش، بریتییە لە دۆگماتیزم و پەکخستنی بیرکردنەوە؛ کاتێک ئایدیۆلۆژیایەک دەبێتە بەشێک لە شوناس و بوونی مرۆڤ، ڕەخنەگرتن لێی زەحمەت و ئەستەم دەبێ و مرۆڤ هێدیهێدی توانای خۆڕەخنەکردن و تێگەیشتن لە ئەوانی دیکە لە دەست دەدا.https://t.me/Galawezhnamekaro



