دوکتۆر ئەفزەل وسووقی، مامۆستای خانەنشینی زمانناسیی زانستگای مەشهەد، وەرگێڕێکی زانای سەقزییە کە زۆر…
انتشار: 2026/08/15 21:09 UTCدریافت: 2026/08/16 14:40 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/16 14:40 UTC
دوکتۆر ئەفزەل وسووقی، مامۆستای خانەنشینی زمانناسیی زانستگای مەشهەد، وەرگێڕێکی زانای سەقزییە کە زۆر ئاسەواری لە زمانی فەڕانسەڕا وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. 2 کتێب لە بەرهەمە تەرز و بەرزەکانی ئەم زانا بلیمەتە لە بابەت مێژووی وێژەی فەڕانسە، کتێبی دەرسیی زانستگاکانە لە ڕشتەی زمان و ئەدبیاتی فەڕانسەدا و، لە زمانی ئینگلیسیـش ڕا زۆر شاکاری وەک «شب دوازدهم»ـی ویلیام شێکیسپیێری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و چەندین جار لە لایەن وەشانگەی «سرووش» بڵاوکراوەتەوە.لە بابەت وەرگێڕانی بابەتی فەلسەفیـش بە ئەوپەڕی شانازییەوە، گەورەترین پڕۆژەی وەرگێڕانی فەلسەفی بۆ سەر زمانی کوردی، لە لایەن وەرگێڕێکی ماندوویینەناس و پەیجۆری سەقزی، ڕێزدار سەعید کاکی بە ئەنجام و ئاکام گەیشتووە کە بریتییە لە وەرگێڕانی هەر 10بەرگەکەی مێژووی فەلسەفەی ڕاتلێج بۆ سەر زمانی کوردی؛ کە ئەم سەرکەوتووییی ئەم وەرگێڕانە گەورە و چەند بەرگییە لە بواری فەلسەفە و مێژووی فەلسەفەدا، خۆی لە خۆیدا هێمای ئەوەیە کە زمانی کوردی، وەک زمانێکی پڕوزەی ڕەسەن و خاوەندەفرییەتی لەبننەهاتووی زمانەوانانە، ئەم توانست و بڕشت و بڕست و لێهاتوویییە و ئەم لواوی و شیاوییە زانستییە حاشاردراوەی هەیە کە گەورەترین کتێبە فەلسەفییەکانی دونیا بۆ سەر ئەم زمانە وەرگێڕدرێ و تەنانەت پێشی بنووسرێ. لە بواری وەرگێڕانی بابەتی کۆمەڵناسیدا، ئاماژە بە ناوی چەند وەرگێڕی خاوەنمرخی سەقزی دەکەم: ڕێزدار دوکتۆر حوسێن محەممەدزادە، کە جیا لە بابەتی کۆمەڵناسی، وەرگێڕانێکیشی لەبابەت زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ڕوانگەی زمانناسان و ڕۆژهەڵاتناسان بە ئاکام گەیاندووە لە ژێر ناوی «سێ وتار لە سەر ئەدەبیاتی کوردی»؛ هەروەها بەڕێزان مەنسوور تەیفووری و خالید شێخی کە بەتەرتیب لە فەڕانسە و فارسیڕا کتێب و بابەتی کۆمەڵناسانەیان، بە سەرکەوتوویی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە؛ جێی خۆیەتی ئاماژە بە ناوی نووسەر و لێکۆڵەری بەرپرسیاری سەقزی، ڕێزدار خالید عەلیزادە بکەم، کە چەندین کتێبی بابەتییانەی لە بواری زانستی کۆمەڵناسی و پرسە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی، هەروەها لە بواری کۆمەڵناسیی کوردەواریدا بەتایبەتی، نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە. جێی خۆیەتی، یادێکیش بکەین لە بەرهەمهێنەری دەقی زانستی لە بواری زانستی دەروونناسی، بە زمانی کوردی، دوکتۆر عادل کەریمی، کە لەم بەستێنە و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، پێشەنگ و ڕچەشکێنە، هەرچەند لە سەرەتا و دەسپێکی ئەم ڕێچکەیەدایە. هەروەها مەلا کامیل شەریفپوور بە وەرگێڕانی وتارێکی 42 لاپەڕەیی و بابەتییانە لە ئینگڵیسیڕا بۆ کوردی، لە ژێر نێوی: «ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیران لە نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا: کاتالان وەک نموونە»، خۆی وەک وەرگێڕێکی بەرپرسیار لە بواری ڕووناکبیری و مژارە هزری و کۆمەڵایەتییەکاندا ناساندووە.➖➖➖➖➖➖🌅میدیای سەربەرزی@midyayserberzi

