تەرازووی کۆنهشەوێک، باپیرم لەلای ژووری ماڵ دانیشتبوو. جگەرەیەکی دەسهەڵبەس لە نێوان پەنجەکانی بوو. ب…
انتشار: 2026/07/27 08:50 UTCدریافت: 2026/08/15 02:40 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/15 02:40 UTC
تەرازووی کۆنهشەوێک، باپیرم لەلای ژووری ماڵ دانیشتبوو. جگەرەیەکی دەسهەڵبەس لە نێوان پەنجەکانی بوو. بە هێواشی دەیکێشا و بێدەنگ گوێی لە قسەکانمان دەگرت. من و چەند هاوڕێیەکی زانکۆ تازە بووین بە ئەندامی حیزب و ئەو شەوە لە ماڵی ئێمە کۆ ببووینەوە. هەموومان دڵنیابووین کە حیزب داهاتوو دەگۆڕێت. یەکێک لە هاوڕێکان بە پێکەنینەوە لە باپیرمی پرسی:مامحاجی سەردەمی ئێوەش حیزب هەبوو؟باپیرەم سووتووی جگەرەی تەکاند و سەری داخست، پاشان وتی:نەخێر، نە حیزب هەبوو، نە ئێمە لەو شتانە تێ دەگەیشتین. بەڵام با منیش شتێکتان بۆ بگێڕمەوە، شتێک کە ژیان فێری کردم..هەموومان بێدەنگ بووین. ڕوومان کردە باپیرم و گوێمان بۆ گرت.باپیرم لاپەڕەیەکی کۆنی لە ژیانی خۆی هەڵدایەوە:لە سەردەمی منداڵیم، لە دێکەمان ماڵێک هەبوون کە خاوەنی زۆربەی زەوی و سامانی دێهاتەکە بوون. چەند پشت بوو کاریان هەم کشتوکاڵ بوو هەم دووکانداری. بەهاران ژنان و کچان تێکڕا دەچوونە کوێستانان و گیا و ڕووەکی خواردن وەکوو مەندۆک و کارگ و ڕێواس و...دەهێنا و دەیانفرۆشت بەوان. ڕاوچییەکانیش هەروا بوون. ئەو بنەماڵە زۆربەی بەرهەمی لادێیان لە خەڵک دەکڕی. لەولاشەوە پێداویستییەکانی گوندیان لە شارەوە دەهێنا.لە دووکانەکەیان دوو شت هەمیشە لە شوێنی خۆیان بوون: تەرازوویەکی کۆن کە نەوە لە دوای نەوە پاراستبوویان. هەروەها سەتڵێک پڕ لە نوقل، کە هەمیشە لە تەنیشت ترازووەکە دانرابوو. هەر کەسێک بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکەی یان کڕینی پێداویستی دەهات، چەند دانە نوقڵیشی بە خۆڕایی وەردەگرت.بەهۆی دەوڵەمەندییانەوە، مەلای مزگەوتی گوندیش، بە ویستی ئەوان دیاری دەکرا. پەیوەندییان لەگەڵ بنکەی پولیسی ناوچەکەش باش بوو. لە بۆنە و جێژنەکاندا، مەلا و سەرۆکی پولیس هەمیشە میوانی ئەوان بوون.ڕۆژێک ڕایانگەیاند چایی شیرکەتی گەیشتووە و بۆ هەر ماڵێک نیو کیلۆ چایی دیاری کراوە. منی منداڵی تەمەن دوازدەساڵ دەستم هەڵێنا کە دەچم و بەشی خۆمان و سێ ماڵی دراوسێش وەردەگرم. ڕاستییەکەی، زیاتر لەبەر نوقڵ و نەباتی خۆڕایی دەچووم تا چایی.کاتێک چوومە دووکان، ژنی ئەو بنەماڵە بەتەنیا لەوێ بوو. چوار پاکەتی نیو کیلۆیی چاییم وەرگرت. هەندێک ڕاوەستام و هیچم نەگوت. ژنە زانی چاوەڕوانی نوقڵم. بەڵام سەتڵەکە بەتاڵ بوو. وتی: ڕاوەستە، ئێستا دێمەوە.کاتێک چوو سەتڵەکە لە ژێرخان پڕ بکاتەوە، چاوم کەوتە سەر تەرازووە کۆنەکە. سەنگی نیو کیلۆیی لەسەر تایەکی دانرابوو. لە پێشترەوە شێوازی کاری تەرازووەکەم دەزانی. دەبوو لە تای دیکەش هەرئەوەندە شت دابنرێت تا هاوسەنگ بن.هەروا یەکێک لەو پاکەتە چاییانەم لە تای بەرامبەر دانا. چاوەڕێی ئەوە بووم کە تای دیکەش بەرز بێتەوە، بەڵام هیچ جووڵەیەکی نەکرد. هەروا کە چاوێکم بە دەرکەی پشتەوە بوو کە ژنە نەیێتەوە، چەند وردکە بەردم لە تەنیشت پاکەتە چاییەکە دانا، تا هەردوو تای تەرازوو هاوسەنگ بوون. بە ترپەی پێی ئەو ژنە، خێرا وردکە بەردم هەڵگرت و خستمە گیرفانم. کە ژنە هاتەوە، بەشە نوقڵی خۆم وەرگرت و خێرا هاتمە دەرەوە.لە نێودێ هیچ تەرازوویەکی دیکە نەبوو. شەو لە بابم پرسیارم کرد وتی تەنیا لە چەند گوندێک خوارتر، عەتتارێک تەرازوویەکی چکۆلەی هەیە. هەرچەندە دەترسام بەڵام هەر بەیانی چاکی کەواکەم کردە بەر شاڵەکەما و کەوتمە ڕێ، هەتا خۆم گەیاندە ئەو دێیە. بە پرسا پرسان چوومە بەر ماڵی کابرای عەتتار. بەردەکانی کێشا و وتی سەد گڕامن.هەر بەو شوێنەی خۆمدا گەڕامەوە و باسەکەم بۆ چەند کەسێک گێڕایەوە. وەک دەڵێن، باسێک کە بکەوێتە سیودوو ددان، دەکەوێتە سیودوو زمان. باوکم لەگەڵ چەند پیاو ماقووڵی ئاوایی چوون بۆ دووکان. داوایان کرد تەرازووەکە تاقی بکەنەوە. بەڵام هەر لە سەرەتاوە بە قسەی بێپەیوەند و بە بێڕێزی دەرکران. پیرەژنێک وتی: ئەمانە حیسابیان وێنەی تەسبێحی جوولەکەیە؛ کەس سەری لێ دەرناکات. ئاخۆ ئەو هەموو ساڵە هەر تەنیا قەرزداری ئێمەن، یان قەرزداری مردووەکانی گۆڕستانیشن؟ڕۆژانی دواتر، مەلا لە مزگەوت وتاری دەدا کە گومان لە ڕاستی ئەو بنەماڵە گوناحێکی گەورەیە.ڕۆژێک سەرۆکی پولیس لەگەڵ چەند چەکدارێک هاتنە نێودێ. سەرۆک ڕوو بە بابم وتی: بیستوومە ناکۆکی دەخەیتە ئاوەدانی. خەڵک دژ بە دەوڵەت هان دەدەی. پێش ئەوەی باوکم قسە بکات، چەکدارەکان بە قۆنداغە تفەنگ بەربوونە گیانی. پشتیان وەکوو سکی نەرم کرد. کەسیش نەیدوێرا خۆتێوەردان بکات.لەوە بەدوا خەڵک وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، بەدەردی خۆیانەوە داکەوتن. دەیانگوت تازە خەلە لە خەرمان دەرچووە. هەرکەسیش دەچێتە قەبری خۆیەوە.دوای ئەو ڕووداوە، ئێمە چیتر لە گوند نەماینەوە. بارگەوبنەمان کۆکردەوە و کۆچمان کرد بۆ شار.باپیرەم لە کۆتایی قسەکەی دەستی بە هێواشی بەسەر ڕیشە سپیەکەیدا کێشا و وتی:ڕۆڵەکانم، پێش ئەوەی تامی نوقڵی درووشمەکانی هەر دەستە و تاقمێک بچێژن، سەرەتا تەرازووی کردارەکانیان تاقی بکەنەوە.هاینڕیش بۆڵ✍️عیسا ئەحمەدی١٤٠٥/٠٥/٠٥