#ڕەئووف محەممەدپەنادەڵێن دوو پیاوی خوێری و بەدفەڕ ( پیر کونی ) کە هەر لە منداڵییەوە بە یەکتر فێر بب…
انتشار: 2026/08/11 14:28 UTCدریافت: 2026/08/15 02:40 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/15 02:40 UTC
#ڕەئووف محەممەدپەنادەڵێن دوو پیاوی خوێری و بەدفەڕ ( پیر کونی ) کە هەر لە منداڵییەوە بە یەکتر فێر ببوون و ..... لە هەورەبانی ماڵێکی بەرزدا لە شاریان دەڕوانی و قسەیان دەگێرایەوە . پیاوێکیان وتی : ئای ئەم شارە چی بەسەر هات و چی لێهات ! ئەوی دیکەشیان وتی : شارێ من و تۆ گەورەی بین، دەبێ هەر وای بە سەر بێت.@mzravilka
پستهای تلگرام — مزراویلکە
هەر لە بەر خۆرگیرانەکەی ئیمڕۆ.لە گوندێکی کوردستان خۆر گیرابوو، مەلا داوا لە خەڵکەکە دەکا بچنە مزگەوت و نوێژ بکەن بەڵکوو خودا ڕوحمێک بکا و خۆر وەک خۆی لێ بێتەوە.کابرایەک ناچێ بۆ مزگەوت، مەلا دەچێ پێی دەڵێ ئەوە بۆ نایەیە مزگەوت و دۆعا بکەی بەڵکوو خۆر ئاسایی ببێتەوە؟کابرا دەڵێ: بە خوا نایەم، لەوەتەی لە بیرم دێ ئەو خۆرە لەو شاخە وەدەردەکەوێ و لە هۆ شاخەی ئاوا دەبێ، مەعلوومە ڕۆژێک دارێک لە قوونی ڕۆ دەچێ.لە فەیسبووک وەرگیراوە@mzravilka
#ئەمیر - بۆکانلە زانکۆ کە لە شارەکانی دیکەوە حەموو پێکەوە بووین هێندێک خوێندکار لەسەر شارەکەیان و زاراوەکەیان دڵبستەیی زۆریان نیشان دەدا. بە تایبەت لە بەینی خوێندکارە بۆکانییەکان و مەهابادییەکاندا .ڕۆژێک بووە هەرا و دەنگەدەنگ لەسەر دوو وشەی "وانێک" و "هین "بۆکانییەک دەیکوت ئێوە بۆ دەلێن "وانێکە" و مەهابادییەکەش دیکوت ئێوە بۆ دەلێن "هینه".خەریک بوو قەباعەت ساز بێت.لەپڕ لەسەر تەختەکەوە خوێندکارێکی بۆکانی خۆی فرێ دا خوارێ و کوتی کاکە ڕاوستن و دەست ڕاگرن با کێشەتان بۆ چارە سەر کەم. ڕووی لە هەر دووکیان کرد و کوتی :<<هینی تۆ بە وانێکی تۆ و وانێکی تۆش بە هینی تۆ>>هەر دووک لا دایانە قاقای پێکەنین و کێشە بە یەکجاری تەواو بوو و هەتا ئێستاش کە هاورێین، قەت باس لە زاراوە و جیاوازی ئەو شار و ئەو شار نەکرا.@mzravilka
ئێش لە شوێنێکی دیکەیەبەیانی ڕۆژی شەممە، خۆر هێشتا بە تەواوی سەری لە ئاسۆ هەڵنەهێنابوو، کەچی گەرما دەستی بە فەرمانڕەوایی کردبوو. ئەو پیاوە تەنیا ددانسازی ئەو شارۆچکە بوو؛ شارۆچکەیەک کە هێشتا بۆنی دێهاتی لێوە دەهات، بەڵام لە دەوریدا گەڕەکە هەژارنشینەکان ساڵ بە ساڵ وەک قارچک و کارگی دوای باران هەڵدەتۆقێن. هەر لە هەڕەتی لاویدا، وەک زۆرێک لە هاوتەمەنەکانی، بۆ کرێکاری بوو بە ئاوارەی وڵاتان. کاتێ گەڕایەوە، ددانسازی فێر ببوو. لەوەبەدوا باڵەخانەی ماڵە سادەکەی کردبووە شوێنی کار. ژوورێک کە هەم بۆنی ئەلکۆل و دەرمانی ددان و ڕۆنی مێخەکی لێ دەهات، هەم بۆنی نان و ژیانی ڕۆژانەی خێزان.ئەو بەیانیەش هەر لەڕێوە دەستی بە کار کرد. مێزێکی ساکاری هەبوو. ئامرازەکان لەپاڵ یەک دانرابوون. دەستێک ددانی دەستکردی لە قاڵبدا هێنایە پێشەوە و بەوردی لێی ڕوانی.لەو کاتەدا کوڕەکەی هاتە ژوورەوە.-سەرۆکی شارەوانی هاتووە، دەڵێ دەبێ باوکت ددانم بکێشێ.ـ بڕۆ پێی بڵێ باوکم لە ماڵ نییە.کوڕە ڕۆیشت و دوای چەند خولەک گەڕایەوە.ـ دەڵێ دەزانم لەماڵە.- باشتر. با هەر بزانێ.چەند خولەکێکی تر تێپەڕی. کوڕە بە هەڵەداوان هاتەوە.- دەڵێ یان ددانم دەکێشێ، یان هەر بۆخۆم دەیکوژم.ددانساز بە ساردی وتی: بڕۆ پێی بڵێ بێت، با بمکوژێ. ئێمە لەمێژە مردووین، جا کەس نییە بماننێژێ.دەرگاکە کرایەوە. سەرۆکی شارەوانی هاتە ژوورەوە. لەبەر ئێش و بێخەوی وەکوو جندۆکەی نێو کەلاوە کۆنی لێهاتبوو. لەبن لێویەوە ورتەیەک وەک سڵاو دەرهات. پاشان لە سەر سەندەڵییەکە دانیشت و وتی ئێشی ددان، ژیانی لێ تاڵ کردووم.ددانساز بەدەم هەستانەوە وتی: وا دیارە ئێش پلە و پایە ناناسێت.ددانساز پاش سەیری ناو زاری وتی: ددانت چڵکی کردووە. دەبێ بەبێ سڕکردن بیکێشم.سەرۆکی شارەوانی بە دەنگێکی بێهێز پرسی-دەی... ئێشی زۆرە؟-ئەیی، بەڵام ئێش و ئازار لە شوێنێکی دیکەیە.پاشان سەری بۆ لای ڕووناکایی سووڕاند. بە سەرپەنجەکانی ددانی کاکیلەی پشکنی. پاشان هێواش هێواش ئامرازەکانی لە ئاوی گەرم دەرهێنا.هەتا ددانەکەی لەق کرد و کێشای، کابرا مرد و زیندوو بووەوە. چاوی ئاوی تێزابوو. ددانساز، بەبێ ئەوەی تەنانەت جارێکیش سەیری بکات، وتی تا چەند ڕۆژ دەمت بە ئاوخوێ بشۆ.پاشان ددانسازەکە چوو دەستی بشوات.هەروا کە دەستی دەشۆرد، سەیری نێو شەقامە کاولەکەی دەکرد. دەستفرۆشەکان هەتا نێوەی جادەکەیان داگیر کردبوو، دەنگیان لە دوورەوە تێکەڵی هەراوهوریای شەقام دەبوو. لەو بەری شەقام، چەند منداڵ لەنێو زبڵی گەڕەک بەدوای شتێکدا دەگەڕان. سەگە بەڕەڵاکان خۆیان دابووە سێبەری دیوارێک کە پۆستێری کۆنی هەڵبژاردنی پێوە مابوو. لە کۆڵانی بەرانبەر، ژنێک داوێنی کراسەکەی لە پشتێندەکەی چەقاندبوو هەتا ئاوەڕۆی شکاو، جلەکانی لە نوێژ نەبات.شۆفێری شارەوانی لەپاڵ ماشێنە ڕەشەکەی ئیدارە جگەرەی دەکێشا. چەند کەسێک دەورەیان دابوو. قسەیان لەگەڵ دەکرد.هەروا کە سەرۆکی شارەوانی دەچوو بەرەو دەرەوە، ددانساز وتی:ـ لە گیرفانی خۆت حەقەکەی من دەدەی، یان بێم لە سندووقی شارەوانی وەری بگرم؟سەرۆکی شارەوانی ڕاوەستا. بە زەحمەت قسەی بۆ دەهات، تفێکی خوێناوی کرد و وتی:ـ «هیچ جیاوازییەک نییە؛ پارە، هەر پارەیە.»چەند خولەک دواتر، ماشێنەڕەشەکە لەنێو تۆزی شەقامدا ون بوو. گەماڵەکان چەند هەنگاوێک بە دوای ماشێنەکەدا هەڵاتن. کاتێ تۆزەکە نیشتەوە، ئەو منداڵانە هێشتا لەنێو زبڵدا بەدوای شتێکدا وەیلان بوون.ددانساز بۆ ماوەیێک هەروا بێدەنگ سەیری شەقامەکەی دەکرد. پاشان گەڕایەوە بۆ سەر کارەکەی. ددانە دەستکردەکەی هێنایە پێشەوە و دانیشت.ئامرازەکان لە تەنیشت یەکتر دانرابوون.لە دەرەوە، دەنگی دەستفرۆشەکان و هەراوهوریای شەقام دەهات.بە دەنگێکی نزم وتی:«ئێش و دەرد لە شوێنێکی دیکەیە.»لە سەر بنەمای چیرۆکی گابریل گارسیا مارکز✍️عیسا ئەحمەدی١٤٠٥/٠٥/١٩
ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایکبونی داهێنەری گەورەی کورد بەختیارعەلی یە. نوسەرێک مایەی شانازی نەتەوەیەکە. هەزاران هەزار عاشقی لە دونیادا بۆ زمان و ئەدەبیاتی کوردی زیاد کردوە. پیرۆزە داهێنەری مەزن و تاقانە.حەزدەکەم پرسیارێکی شەخسیترت لێبکەم. ئاخۆ چۆن سەیری جەژنی لەدایکبوونتان دەکەن؟ مەبەستم لەوەیە ئاھەنگ بۆ جەژنی وا دەگێڕیت؟ حەزت پێیەتی؟ ئەوەتەی بیرمدێت لە ماڵی ئێمەدا ھەمیشە جەژنی لەدایکبوون ھەبووە، مامم پیاوێکی دونیایی بوو، حەزی لە سفرە ڕازاندنەوە و خواردنی خۆش و داوەت و ئاھەنگی خێزانی بوو، لە منداڵیمدا باوکم زۆربەی وەخت لە زیندان بوو، یادگارێکی منداڵی ئەوتۆم لەگەڵ باوکمدا نییە، بەڵام مامم گەرچی دەستکورت بوو، مامۆستایەکی سەرەتایی بوو بە موچەیەکی کەمەوە، بەڵام ھەموو وەخت جەژنی لە دایکبوونی بۆ ھەموومان دەکرد. لەو کاتانەوە ئەو بۆنانە لە ماڵی ئێمەدا ھەبوون. نەبوونی جەژنی لەدایکبوون لە کولتووری ئێمەدا یەکێکە لە ڕوکارە نەگەتیڤەکانی ئەم کولتوورە. ئەوانەی خۆیان دەتەقێننەوە ئەگەر ساڵانە جەژنی لەدایکبوونیان بکردایە نرخی ژیانی خۆیان و ژیانی خەڵکی تریان دەزانی. لەو ڕووەوە ھەموومان کەمتەرخەمین، بەس نییە مرۆڤ جەژنی لەدایکبوون بۆ منداڵ بکات... ئەوە بەس نییە... گەورەکانیش پێویستیان بەو جەژنەیە، بگرە پیرەکان و تەمەندارەکان زیاتر پێویستیان پێیەتی. لە ڕێگای وەھا جەژنێکەوە، مرۆڤ بە بەرامبەرەکەی دەڵێت، من خۆشحاڵم تۆ لەم سەر زەمینەیت و لێرە لەگەڵماندا دەژیت. پێویستە ھەموو ئەوانیدی بزانن کە ئێمە خۆشحاڵین بە ھاتنی ئەوان بۆ ژیان، لە نرخی بوونیان لەم دونیایەدا تێدەگەین. ئێمە لەم ڕووەوە کولتوورێکی بێسۆز و نادۆستمان بەرامبەر مرۆڤ ھەیە. خەڵکانێک ھەن جەژنی لەدایکبوونی حیزبەکانیان دەکەن و کەچی جەژنی لەدایکبوون بۆ ژن و منداڵەکانیان ناکەن، من خەڵکانێکم بینیوە لە بۆنەی لەدایکبوونی حیزبەکەیاندا بە چوارپەل سەمادەکەن، کەچی بیریان نییە منداڵەکانیان کەی لە دایکبوون. ئەوانە بەڕای من نمونەی ئادەمیزادی کۆیلەن، نمونەی ئەوانەن خۆشەویستی و سۆزی ڕاستەقینەیان تیا مردووە. ئەوەی لە جەژنی لەدایکبوونی حیزبەکەیدا، لە بۆنەی ھەڵبژاردنی سەرۆکەکەیدا سەمادەکات و جەژنی لە دایکبوونی منداڵەکەی فەرامۆشدەکات، گومانی گەورەی لێبکە، ئەوانە مرۆڤی ترسناکن. بە گشتی جەژنی لەدایکبوون مانایەکی مرۆڤدۆستانەی قووڵی ھەیە، لای من لە ھەموو جەژنەکانی تر گرنگتر و ڕاستەقینەتر و مرۆڤانەترە. ھەر کولتوورێک نرخی ئەم جەژنە بکوژێت، نرخی مرۆڤیش لەلای نزم و بێبەھایە. چونکە جەژنی لەدایکبوون تاکە جەژنێکی مرۆڤە، پەیوەندی بە سیاسەت و دین و نەتەوە و مێژوو و ئەم شتانەوە نییە، ڕاستەوخۆ گرێدراوی بەھای مرۆڤ خۆیەتی.لەکتێبی #بەسەرسامی_بەسەروێرانەدا#گفتوگۆی_مەریوان_هەڵەبجەیی_لەگەڵ_بەختیارعەلیBachtyar Ali
#ئەمیر - بۆکانکاک ڕەحمەتێک خەلکی دێهاتێکی نزیکی مەهاباد دوو ژنی هێنابوو و هەر دووکیانیشی تەلاق دابوو . ئاخە دەعباکەی هێند زەلام بوو ژن بەرگەی نەدەگرت و زۆریش حەولی دابوو بۆ ژنی سێهەم ، تازە کار لە کار ترازا بوو و دەعباکەی دەنگی دابۆوە کەس لەو دێهاتەی دەوروبەر شووی پێ نەدەکرد.دوای چەند سالێک تێکۆشان ئاخری ژنە عەجێمێکیان بۆ پەیدا کرد و ژنە عەجەمە دەم و دەزگای کاک ڕەحمەتی بە کەیف بوو.بەڵام دوای سالێک کاک ڕەحمەت ئەویشی بە تەعمیر خست و نەخۆشیی گەدەی (مەعیدە) بەو ژنەش هەلێنا و هەر هاواری دەکرد بەلای ئەو دەردە.ئەو پزیشک و ئەو حەکیم و تاران و تەورێزی زۆر پێ کرد لە ئاخری هاتنەوە مەهاباد و بە ژنە عەجەمەیان کوت یا دەبێ گەدەت بۆ بەرینە سەرێ یا دەبێ دەعبای هاوسەرەکت کورت کەینەوە ،دەنا عیلاج نییە و چارەنووستان دەبێتە تەلاق.ژنەش کە دەعبای ڕەحمەتی بەدڵ بوو بە پزیشکی کوتبوو: ناوڵڵا من قەت تەلاق وەر ناگرم و ڕازیم بەو ژیانە، گەدەم دەر بهێنن بەڵام کارتان بە دەعبای ڕەحمەتی نەبێ.@mzravilka
#عەزیز - میرەدێعەبەخەمەیەک هەبوو لە سیارەکۆن بە ڕەحمەت بێت نەماوە. شوان بوو بە تفەنگەکەی کەروێشکێکی کێویی سیخوارلەپشتە دەکوژێت و دەدڵی خۆیدا دەڵێ: جا چی بکەم بەسەرهاتی کوشتنی ئەو کەروێشە دەبێت بۆ یەکەیەکی ژن و پیاو و منداڵی دێیەکە بگێڕمەوە. دێنێ یەک بەخۆی هاوار دەکات: خەڵکینە بگەنە هانام گورگ لە مەڕێی دا!خەڵک هەرچی تێڵا و تفەنگ و شەنە و پێمەڕەیان بەردەست کەوت یاڵڵا بۆ شاخی.کە دێن مەڕ ساغ و سڵامەت دەلەوەڕێت.دەڵێن کوا گورگ؟دەڵێ ئەو کەروێشکەم کوشتووە کوتم با هەمووی دێیەکە بێت یەکجێ بۆیان وەگێڕم ئیتر یەکەیەکە لێم نەپرسن چۆنم کوشتووە. بە تفەنگ لێم دا و پێکرا و تەواو.@mzravilka