لێرەدا پرسیارێکی هەستیار و گرنگ بەربینگمان پێ دەگرێ، ئەویش ئەمەیە کە ئاخۆ وێڕای گرنگایەتیی لەڕادەبە…
انتشار: 2026/07/23 22:35 UTCدریافت: 2026/07/31 15:08 UTCآخرین مشاهده: 2026/07/31 15:08 UTC
لێرەدا پرسیارێکی هەستیار و گرنگ بەربینگمان پێ دەگرێ، ئەویش ئەمەیە کە ئاخۆ وێڕای گرنگایەتیی لەڕادەبەدەری ئەم بەرهەمە، بۆچی وای بەسەرهات کە چارەگەسەدەیەک دوای دانانی و دوای کۆچی دوایی گیو چاپکرا؟ لێرەدا بەبۆنەی وڵامی ئەم پرسیارە جێی خۆیەتی هەر لەم بابەتەوە…بۆ سوودوەرگرتن لەم کارەی مامۆستا گیو، لێژنەی فەرهەنگ چەند جارانبە نامە و چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا گیودا ڕاوێژی کرد تاکوو لە ئەنجامی کاردا بڕیاردرا، کەوا لەپێشەوە کۆڕ ئەرکی مەسرەفی لەچاپدانی ئەم فەرهەنگەی وا لەبەر دەستاندایە بخاتە ئەستۆی خۆیەوە.هەر لەو ماوەیەشدا مامۆستا گیو خەریکی ڕێکخستن و ئامادەکردنی فەرهەنگە گەورەکەی(کوردستان)بێت بۆ لەچاپدانی.مامۆستا گیو لەڕووی دڵسۆزییەوە بە خەتی خۆی ئامۆژگاری نووسیوە بۆ ئەوە فەرهەنگی کوردستان لە هەموو حاڵ و ئیحتیمالێکی دواڕۆژدا بە ماڵی کۆڕی زانیاری کورد بژمێرێت، کە ئەمە کارێکی جوانمێرانە و شایانی ڕێز و سپاسە.هەڵوەستی کۆڕ لە چاپکردنی ئەم فەرهەنگەدا بە نیازی خزمەتی زمان و ڕۆشنبیری کوردییە کەوا مامۆستا گیو خۆیشی تەمەنی هەر لەم مەیدانەدا بردەسەر.لە ڕێکخستن وئامادەکردنی فەرهەنگەکەدا کۆڕ بە هیچ جۆرێک خۆی تێکەڵ نەکردووە.تاکە بەرپرسی لایەنی چەندوچۆنی فەرهەنگەکە مامۆستا گیو خۆیەتی.بەچاپگەیاندنی ئەم فەرهەنگە ئاڵقەیەکە لەزنجیرەی خزمەتی کوردەواری،کەوا لێرەدا کۆڕ بە شانازییەوە پێشکەش خوێنەری کورد و کوردی دەکات.«کۆڕی زانیاری کورد»ئەم11نامەیەی کۆڕی زانیاری کورد لە ڕێکەوتی1973/2/10تا 1976/12/19دا بۆ گیوی ناردروان. گیو موکریانی ڕێکەوتی 1977/6/9 (ڕێک 18ڕۆژ بەر لە کۆچیدوایی) نامەیەک بە سەردێڕی «دوانامەی گیوی موکریانی بۆ کۆڕی زانیاری» دەنووسێ لە20 لاپەڕەدا، کە نامەیەکی دوورودرێژی پڕ لە زانیارییە و وڵامدانەوەیە بە نامەکانی کۆڕ و گلەیی و گازندە وهەڕەشەیە بەرانبەر بەو هەمووە بەڵێنی و وادە ناڕاست و درۆیانەی لەو ماوە دوورودرێژەدا پێیدراوە لە لایەن کۆڕی زانیاری کورد، لە بەرانبەر گریمانە وئەگەری داگیرکردن، شاردنەوە و حاشاردانی فەرهەنگەکەی! لە کۆتایی نامەکەدا هەڕەشە دەکا لە ئەندامانی کۆڕ و دەڵێ هەرچی زووتر فەرهەنگەکانم بۆ بنێرنەوە دەنا..! سەیدا گیو موکریانی لە چەند بەشێکی ئەو نامەیەدا ئاوا دەڵێ:«ئایا بۆچی هەر کەسێکی چەند چیرۆک و پەند، یان دیوانێکی لەو دیوانەکانی من،کە چەندجار چاپ و پەخش کراون، شیدەکاتەوە بۆی چاپدەکەن و گیرفانیشی بە پارە دەئاخننەوە!! خۆ ئەمن فەرهەنگەکەم بە خۆڕایی پێشکەش کردوون، بەبێ ئەوەی کە چاوەڕوانی فلسێکتان لێ بکەم، واتە دەسکەگوڵێکی کە بەلای کەمییەوە30‒40ساڵان ڕەنجمکێشاوە، هەروا پێشکەشکردن، کە هەموو قوتابخانەکانی سەرەتایی و ئامادەیی و بەشی زمانی کوردی زانکۆیەکان ئاتاجیان پێیەتی، چونکوو هیچ فەرهەنگێکی وا گەوره و پوختیان لەدەستدا نییە...دەزانن کە ئەگەر لەبەر پیریش نەمرم لەبەر ئەو نەخۆشییە کوژندانەی کە ئێخەیان گرتووم بەو زووانە لەبەرچاوتان تەفروتوونا دەبم و دەستبەجێ بە ناوی کۆڕ و پسپۆڕە زمانەوانەکانی کۆڕ چاپیدەکەن و شەقێکی لە ناوی گیو هەڵدەدەن، کە لە ناو گۆڕی تنگوتاریکیشدا نەسرەوم، دە ئێستا کە داوا دەکەم بۆ نامدەنەوە؟!... پەرتووکی هەموو کەسێکی لەکاتی چاپیدا خۆتان سەرپەرشتی دەکەن و چەندسەد دینارێکیشی بە چەندسەد بەرگێکەوە پێشکێش دەکەن. خۆ بەندە فەرهەنگەکەم بە هەموو مافییەکییەوە پێشکەش بە کۆڕی زانیاری کورد کردبوون، سەرەڕای ئەوەش هێشتا دەبێ یەکێکی لە بەغدایە بدۆزمەوە و چەند سەد دینارێکیشی لە کیسەی خۆم بدەمێ، تا لە کاتی چاپیدا سەرپەرشتی بکا! هەزاران ئافەرین بۆ ویژدانی پاکتان و بۆ هەستی بەرزی بێپەڵەی کوردایەتیتان، خودا هەڵناگرێ کەرێکی باشتان دۆزیوەتەوە کەوا خەریکبوون بار و سەرباریشی لێبنێن، کەرانەشی لێ بستێنن! زانا و فەیلەسووفینە...کە ئارەزووی چاپکردنتان نەبوو، بۆچی هەمووتان بە کاردۆ و مەلا عەبدوڵڵا نووسییەوە؟ ئەمن دام بە ئێوە کە چاپیکەن، یان نوسخەیەکی لێبنووسنەوە و هەڵیگرن بۆ دوای مردنی من؟ ئەگەر مەبەستتان دزی نەبا، کە مەلا عەبدوڵڵا و کاردۆ نووسیانەوە، چاپتان دەکرد، یا ئەو پارەی دەتاندا بە مەلا عەبدوڵڵا، بۆ سەرپەرشتی چاپ بتاندایە بە مەلا شوکور. ئێمە لە گەرمێندا هەروا ڕێز گیرواین! ئەگینا چاپخانەیەکی 62 ساڵ دامەزرابێ بۆچی دەبێ مەکینەیەکی گەورە و هەندێک تیپی تازەمان نەبێ، کە بتوانێ پەرتووکی گەورە چاپ بکات و نەگەینە ڕادەیەکی وا، کە له بەر چاوی ئەم و ئەو کەنەفت بین و بۆ چاپی قامووسەکانی خۆم و 22 بەرگە مێژووەکانی کاکم داوێنگیری ئەم و ئەو بین...جا بۆ ئەوەی ئەو گلە و گازندانە لە ڕۆژنامەکاندا پەخشنەکەم، نەوەکوو نەیارانی ئێوە قامکی تێوەردەن، تکایە بە بێدەنگی ئەوانەی خوارەوەم بۆ بنێرنەوە:.. .کە خوا نەخوازتە نەیاننێرنەوە وەباڵی ئێوە و منیشتان بە ئەستۆی، چونکوو بەڕاستی نەک دزیتان لە من کردووە و بەس و ئەمنتان شکاندووە، بەڵکوو هەتکێکتان پێکردووم کە بە کەس نەکرابێ./دزیلێکراو و ئابڕووبرا و دڵشکاو و هەتککراو:گیوی چارەڕەش موکریانی».**ئەم وتارە، پوختەی وتارێکە کە لە وەرزنامەی ڵێکۆڵینەوەیی-زانستیی«زمان و زار»، هەولێر، ژمارە 20دا چاپ بووە؛ سەرچاوەکان پارێزراون.t.me/kurdokurdistan




