مامۆستا جەوانمەردی قازی؛ فێرکارێکی دڵسۆز و لێزان، ڕاهێنەرێکی خاوەنهەڵوێست و بەرپرسیار[بە بۆنەی کۆچ…
انتشار: 2026/07/19 12:15 UTC
مامۆستا جەوانمەردی قازی؛ فێرکارێکی دڵسۆز و لێزان، ڕاهێنەرێکی خاوەنهەڵوێست و بەرپرسیار[بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی؛ لە ڕێکەوتی 26ـی پووشپەڕدا]دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس، نووسەر و لێکۆڵەرمامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، ساڵی 1325ـی هەتاوی لە مەهاباد و لە بنەماڵەیەکی ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەر لەدایک بووە و بە ناوی باپیرەگەورەی خۆی، واتە شەهید میرزا فەتتاحی قازی کراوە. میرزا عەبدوڕڕەحیمی باوکی، کوڕی سالاری قازی بووە، کە سالاری قازیش کوڕی لێهاتوو و بوێر و جوامێر و ئازا و ناوداری شەهید قازی فەتتاح بووە. واتە خوالێخۆشبوو عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، نەوەی سالاری قازی و نەتیجەی شەهید میرزا فەتتاحی قازی بووە. لە لایەکی تریشەوە، مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، نەوەی سەیفولقوزاتی گەورە بووە، واتە دایکی( سوڵتانخانم)، کچی سەیفولقوزات و مناڵی بچووکی سەیف بووە؛ هەر لەم ڕێگەیەوە، حەمەحوسێنخانی سەیفی قازی، سوورخەڵاتی نەمر، خاڵی مامۆستای تازەکۆچکردوویە. باوکی مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی(میرزا عەبدوڕڕەحیم)، بەهۆی چالاکیی نیشتمانپەروەرانە و نەتەوەخوازانەی، لەو چاخ و سەردەمە هەستیارەدا، قۆڵبەست دەکرێ و بۆ ماوەی پتر لە دوو ساڵ دەخرێتە بەندیخانەی قەسری تاران. عەبدولفەتتاحی مێرمنداڵ لەگەڵ بنەماڵە و دایکی، سوڵتانخانمی سەیف‒کە وەک ئاماژەی پێدرا کچی مەڕحوومی سەیفولقوزات و منداڵی چکۆلەی ئەو بووە‒کۆچ دەکەن بۆ گوندی ساروقامیش. عەبدولفەتتاحی مێرمنداڵ پۆلی سێیەم، چوارەم و پێنەجەمی سەرەتایی لەو گوندە دەخوێنێ و تێکڕای ئەو سێساڵە دەبێتە قوتابیی مامۆستایەکی دڵسۆز و لێهاتوو و لێزان، بە ناوی مامۆستا عەبدوڵڵا جوڵفا. ئەو مامۆستا و ڕاهێنەرە کارامە و دڵسۆزە، دەبێتە هۆی گەشانەوەی پزیسکەکانی ئاورگی مرخ و لێهاتوویی و توانست و بڕشتی ئەو فێرخوازە تامەزرۆیە و هەروەها دەبێتە هۆکاری گوورانی تۆمی ئۆگریی بە زانست و زانیاری لە کێڵگەی زەین و بیری ئەو فێرخوازە خاوەنمرخە و شەقڵی تایبەتیی خۆی هەتاهەتایە لە زەین و بیرگەی ئەو قوتابییە وریایە و ئەو فێرخوازە پەیجۆرە بەجێدەهێڵێ.مامۆستای کۆچکردوو، پۆلی شەشەم و هەروەها قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەکانی مەهاباد دەخوێنێت و ساڵی 1343 دیپڵۆمی ئەدەبی وەردەگرێت.شوێندانەرترین مامۆستاکانی، لە دواقۆناغی خوێندندا، مامۆستا سولێمان شاتریان و مامۆستا عەلی کاتیبی بوون.مامۆستا جەوانمەردی قازی، لە نێوان ساڵەکانی 1346 هەتا 1348دا، لە ئاواییەکانی ئیسفەهان، وەک سپای دانیش، سەرقاڵی وانەوتنەوە و فێرکاری و بارهێنانی مناڵانی ئەم ناوچەیە بووە و، ساڵی 1346 بە فەرمی لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان وەک مامۆستای قوتابخانە سەرەتاییەکان دادەمەزرێت. ساڵی 1352 لە دانیشسەرای مامۆستایانی ورمێ وەردەگیرێ و ساڵی 1354 فەوقیدیپڵۆمی زانستە مرۆییەکان وەردەگرێ و دەبێتە مامۆستای قۆناغی دواناوەندی؛ سێ ساڵ لە ورمێ لە قوتابخانە دواناوەندییەکان سەرقاڵی وانەوتنەوە و فێرکاری و ڕاهێنانی قوتابییان دەبێ. ساڵی 1356، دوای دوو ساڵ خوێندن بە چەشنی نڤیساری(=مکاتبەای)، لە زانستگای«سپاهیان انقلاب» لە تاران، لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی فارسی وەردەگرێت. مامۆستا عەبدولفەتتاحی جەوانمەردی قازی، هەر لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی لیسانس، لە ساڵی 1356دا، هەتا کاتی خانەنشینبوونی، لە ساڵی 1376دا، بۆ ماوەی 20 ساڵ بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و هەستی بەرپرسیاریەتی، لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی مەهاباد، سەرقاڵی وتنەوەی وانەی زمان و وێژەی فارسی، هاوڕێ لەگەڵ ئاوڕدانەوە لە زمانی کوردی و بەراورد لەگەڵ وێژەی کوردی بوو.مامۆستا جەوانمەردی قازی، جیا لە ئیش و پیشەی فێرکاری و ڕاهێنان و، هاوکات، ئەوەندەی بۆی دەکرا و بۆی دەلوا و لەم هەل و مەرجە مێژووییە هەستیارەدا بووزی دەخوارد، بارهێنانی لایەنی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و نەتەوەیی قوتابییانیشی هاویشتبووە ئەستۆی خۆیەوە. ئەو مامۆستا پایەبەرزە، بە مشوورخۆری و پەیجۆری و خەمخۆرییەکی ئەوتۆ کە لە مامۆستاکانی و، بەتایبەت لە کەسایەتییە نەتەوەیی و نیشتمانییە ناودارەکانی بنەماڵە خاوەنپێگە و خودانهەڵوێستەکەی خۆی بە میرات پێی بڕابوو، بێوچان سەرقاڵی بارهێنانی ئاگادارانەی قوتابییان و وشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتیی فێرخوازان و هەروەها ڕێپیشاندەریی وێژەیی و زمانەوانی و نیشتمانی و ڕووناکبیرانەی قوتابییان بوو. مامۆستای کۆچکردوومان، نموونەی شارۆمەندێکی بەرپرسیار و مامۆستایەکی دڵسۆز و مرۆڤێکی خاوەنهەڵوێست و ڕاهێنەرێکی کارامە و پسپۆڕ و لێزان بوو کە قوتابییەکانی هاوکات: «ادب درس» و «ادب نفس»ـی لێ فێر دەبوون؛ ئەویش بەهۆی ئەوەوە کە، هاوکات، هەم خاوەندی کەسایەتییەکیی پێگەیشتوو و سەقامگیر و بەرپرسیاری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بوو و، هەم خودان-پێگەیەکی زانستی و فێرکاری و پەروەردەییی بەرچاو و جیاواز و هەڵاوارتە بوو.




