"ئەو دەستەی لانکە ڕادەژەنێت، جیهان دەجوڵێنێت"."دایک، ئەو زاتەی مێژوو ڕادەژەنێت".لە سەرەتای بوونەوە،…
انتشار: 2026/08/09 09:59 UTCدریافت: 2026/08/14 01:54 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/14 01:54 UTC
"ئەو دەستەی لانکە ڕادەژەنێت، جیهان دەجوڵێنێت"."دایک، ئەو زاتەی مێژوو ڕادەژەنێت".لە سەرەتای بوونەوە، کاتێک خودا مرۆڤی خەڵق کرد، مەزنترین و پیرۆزترین ئەرکی بەخشیوە بە "دایک". ئەو دەستەی کە بە هێمنی و پشوودرێژییەوە لای لایە بۆ کۆرپەیەک دەکات و لانکەیەک ڕادەژەنێت، لە ڕاستیدا تەنیا پارچە تەختەیەک نادات بە دەم باوە، بەڵکوو خەریکی داڕشتنی نەخشەی داهاتووی جیهانە. ئەو لەرینەوەیەی لانکە، لەرینەوەی ویژدان و ئەخلاق و ئیرادەی نەوەکانە. دایک، تەنیا ڕەحمێک نییە بۆ هەڵگرتنی کۆرپە، بەڵکوو قوتابخانەیەکی گەورەیە کە تیایدا "مرۆڤ" بەرهەم دێت. ئەگەر پیاوان لە مەیدانی جەنگ و سیاسەت و زانستدا جیهان دەگۆڕن، ئەوا دایکان ئەو کەسانە بوون کە ئەو پیاو و ژنە مەزنانەیان لەسەر دەستی خۆیان پەروەردە کردووە. هەر بۆیە گوتراوە: "ئەو دەستەی لانکە ڕادەژەنێت، جیهان دەجوڵێنێت"؛ چونکە مەکۆی سەرەکیی گۆڕانکارییەکان ماڵە و مامۆستای یەکەمیش دایکە.بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، لەژێر ناوی "فێمێنیزم" و مۆدێرنەی ڕووکەشدا، شەپۆلێک بەڕێخراوە کە دەیەوێت ئەم وێنە جوانە تەڵخ بکات. ئەوان دەیانەوێت "دایکایەتی" وەک کۆت و بەندێک نیشان بدەن، وەک بەربەستێک لەبەردەم گەشەی ئافرەت و ئازادییەکانی. دەیانەوێت پیرۆزیی ئەو پەیامە کەم بکەنەوە بۆ ئاستی ئەرکێکی جەستەیی ماندووکەر. لەم دیدگایەدا، ئافرەت کاتێک سەرکەوتووە کە لە دەرەوەی ماڵ و لە کارگەیەکدا سەرقاڵ بێت، نەک لەناو ماڵەکەی خۆیدا خەریکی مرۆڤسازی بێت!ناشیرینکردنی دایکایەتی و بە "کۆیلایەتی" ناساندنی، گەورەترین جەنگە دژ بە سروشتی مرۆڤ. ئەوانەی دەیانەوێت دایک لە لانکەکەی داببڕن، لە ڕاستیدا دەیانەوێت جیهان بێ ڕۆح بکەن. کاتێک دایکایەتی لە ناو دەبرێت، سۆز لە ناو دەچێت، خێزان هەڵدەوەشێتەوە و کۆمەڵگە دەبێتە کۆمەڵە مرۆڤێکی تەنیای بێ ناسنامە کە هیچ "لانکەیەک" شک نابەن تێیدا فێری خۆشەویستی ببن. دایکایەتی گەورەترین "هێز"ە نەک "لاوازی". ئەو دەستەی لانکە ڕادەژەنێت، دەستێکی پیرۆزە کە دەتوانێت بە میهرەبانییەکەی، هەموو ئەو زبر و زەنگییانەی جیهان بسڕێتەوە کە جەنگەکان و ئایدۆلۆژیاکان دروستی دەکەن. گەڕانەوە بۆ شکۆی دایک، گەڕانەوەیە بۆ شکۆی مرۆڤایەتی. با ڕێگە نەدەین ڕەنگە دەستکردەکان، ڕەنگی سروشتی و خودایی دایکایەتیمان لێ بشێوێنن؛ چونکە ئەگەر ئەو دەستە لە ڕاژەنینی لانکە بوەستێت، جیهانیش لە جوڵە و ئارامی دەوەستێت.@kanyawyrahmat@kanyawyrahmat
