هایکۆ و فیزیکی کوانتۆم؛ لە بێدەنگیی وشەکان تا نهێنیی گەردوونڕەحمان سەیدیان /سەقزهەندێک جار، گەورەترین دۆزینەوەکان لە شوێنێک دەست پێ دەکەن کە مرۆڤ چاوەڕوانی ناکات؛ نە لە ناو دەنگ، بەڵکو لە ناو بێدەنگی. شێعر ئەم بێدەنگییە بە وشە دەنووسێت و زانست بە تاقیکردنەوە. یەکێک لە کەوتنی گەڵایەکدا مانا دەدۆزێتەوە و ئەوی تر لە ناو گەردیلەیەکی ژێرئەتۆمیدا یاساکانی گەردوون دەخوێنێتەوە. بەڵام هەردووکیان لە هەوڵی وەڵامدانەوەی هەمان پرسیارن: جیهان لە ڕاستیدا چییە؟لە یەکەم نیگادا، هایکۆ و فیزیکی کوانتۆم هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکترەوە نییە. یەکێکیان لە دڵی ئەدەبی ژاپۆن لەدایک بووە و ئەوی تر لە تاقیگە و بیرکردنەوەی فیزیکزانانی سەدەی بیستەم. یەکێک بە کەمترین وشە قسە دەکات و ئەوی تر بە ژمارە، یاسا و تاقیکردنەوە. بەڵام هەر دووکیان، هەر بە شێوازی خۆیان، مرۆڤ لە دڵنیاییی ئاسایی دەردەهێنن و بەرەو ئەو شوێنانەی دەبەن کە نهێنی زیاترە لە وەڵامی پرسیارەکان.ئەم وتارە هەوڵی ئەوە نادات فیزیکی کوانتۆم بە شێعر لێکبداتەوە، یان هایکۆ بە زانست ڕوون بکاتەوە. مەبەست تەنیا ئەوەیە نیشانی بدات چۆن هەندێک جار، شێعر و زانست، هەرچەند لە دوو ڕێگای جیاوازەوە، لە هەمان ئاسۆ دەڕوانن؛ ئاسۆیەک کە تێیدا بێدەنگی، پرسیار و سەرسوڕمان لە وەڵامە ئامادەکان گرنگتر دەبن.هایکۆ؛ کاتێک وشە لە قسە دەوەستێتهایکۆ لە ناو ئەدەبی ژاپۆندا جۆرێکی شێعری کورتە، بەڵام کورتییەکەی بە واتای هەژاریی زمانەکەدا نییە. بە پێچەوانەوە، لە هایکۆدا هەر وشەیەک بارێکی مانایی هەڵدەگرێت و هەر بێدەنگییەک بەشێکە لە دەق. شاعیر هەوڵ نادات هەموو شتێک بڵێت؛ تەنیا دەروازەیەک دەکاتەوە و خوێنەر بەجێدەهێڵێت کەخۆی ئەو گەشتە تەواو بکات.لە هایکۆدا، ساتێکی زۆر ئاسایی دەبێتە ڕووداوێکی بوونی. کەوتنی گەڵایەک، دەنگی با، باران و لێدانی باڵی پەپوولەیەک ، تەنیا وێنەی سروشت نین؛ ئەوانە ئەو ساتانەن کە مرۆڤ تێیاندا هەست دەکات جیهان لەوەی دەردەکەوێت، قووڵترە.لە ڕاستیدا، هایکۆ هونەری وەستانە. لە سەردەمێکدا کە هەموو شتێک بە خێرایی دەڕوات، هایکۆ مرۆڤ ناچار دەکات بۆ چرکەیەک بوەستێت، سەیری بکات و گوێ لێبگرێت. ئەوەی لەو وەستانەدا ڕوودەدات، لە زۆر کاتدا لە هەزاران وشە قووڵترە.کوانتۆم؛ کاتێک زانست دڵنیایی لەدەست دەداتئەگەر هایکۆ بە بێدەنگی وشەکان سەرسوڕمان دروست دەکات، فیزیکی کوانتۆمیش بە بێدەنگی مادە هەمان کار دەکات. کوانتۆم ئەو جیهانەمان نیشان دەدات کە چاو ناتوانێت بیبینێت؛ جیهانێک کە لە ناو ئەتۆم و گەردیلە ژێرئەتۆمییەکاندا یاساکانیان وەک ئەو جیهانە نین کە هەموو ڕۆژێک ئەزموونی دەکەین .پێش لەدایک بوونی فیزیکی کوانتۆم، زۆرێک لە بیرمەندان پێیان وابوو گەردوون ئامێرێکی گەورەیە؛ ئەگەر یاساکانی بزانین، دەتوانین هەموو شتێک پێشبینی بکەین. بەڵام کوانتۆم ئەم دڵنیاییەی هەژاند. نیشانی دا کە لە وردترین ئاستی سروشتدا، ناڕوونی و سەرسوڕمان بەشێک لە خودی سروشتن، نەک تەنیا لە کەموکوڕیی زانیاریی ئێمە.بەم مانایە، کوانتۆم مرۆڤی دوورخستەوە لە هزری ئەوەی کە هەموو شتێک بە تەواوی دەزانێت. زانست لێرەدا کۆتایی بە پرسیار ناهێنێت؛ بەڵکو پرسیارەکان قووڵتر دەکاتەوە. لەو ڕووەوە، فیزیکی کوانتۆم زۆرتر لە شۆڕشێک لە زانست بوو؛ شۆڕشێک بوو لە شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ.شوێنی یەکگرتنی شێعر و زانستلە یەکەم نیگادا، هایکۆ و فیزیکی کوانتۆم لە دوو جیهانی تەواو جیاوازدان. یەکێکیان لە هەست و خەیاڵ دەخوڵقێت و ئەوی تر لە تاقیکردنەوە و بیرکاری. بەڵام ئەگەر لە ناوەڕۆکیان تێپەڕین و سەیری شێوازی بیرکردنەوەیان بکەین، هاوشێوەیییەکی سەرنجڕاکێش دەردەکەوێت.هایکۆ و کوانتۆم هەردووکیان مرۆڤ لە دڵنیاییی ئاسان دوور دەخەنەوە. هایکۆ هیچ شتێک تەواو ناڵێت؛ بۆشایی جێدەهێڵێت تاکو خوێنەر خۆی بەشداری لە دروستبوونی مانا بکات. کوانتۆمیش هەموو شتێک بە شێوەیەکی سادە و ڕاستەوخۆ ڕوون ناکاتەوە؛ بەڵکو نیشان دەدات کە سروشت لە هەندێک ئاستدا ئاڵۆزترە لەوەیەکە بیر و هزرمان چاوەڕوانی دەکات.ئەوەی ئەم دووانە لێک نزیک دەکاتەوە، بێدەنگییە. لە هایکۆدا، بێدەنگی نێوان وشەکان بەشێکە لە شێعر. ئەوەی نەوتراوە، هەندێک جار گرنگترە لەوەی وتراوە. لە فیزیکی کوانتۆمیشدا، ئەوەی بە ڕاستەوخۆ نابینرێت، زۆرجار بنەمای ئەوەیە کە دەیبینین. گەردیلە ژێرئەتۆمییەکان، مەیدانە کوانتۆمییەکان و پەیوەندییە نادیارەکان، هەرچەند لە چاو شاراوەن، بەڵام کاریگەرییان لە هەموو گەردووندا دەردەکەوێت.هایکۆ و کوانتۆم هەردووکیان مرۆڤ فێری بیرکردەوە دەکەن. نەک تەنیا تەماشای ئەوەی دەردەکەوێت، بەڵکو تەماشای ئەوانەش کە لە پشت دیاردەکان شاراونەتەوە. یەکێکیان بە زمانی شێعر دەڵێت «بوەستە و ببینە»، ئەوی تر بە زمانی زانست دەڵێت «وردتر بڕوانە». ئەم دوو بانگەوازە، هەرچەند لە دوو زمانەوە دێن، بەڵام لە کۆتاییدا بە هەمان ئاراستە ئاماژە دەکەن.