🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان ✍یونس قوربانیفەر نووسین و بڵاوکردنەوە…
انتشار: 2026/07/23 12:26 UTC
🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان ✍یونس قوربانیفەر نووسین و بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکان هەروا ڕووی لە زیادبوونە. وەکوو دیاردەیەک لە کوردستان، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی بیرەوەری و بە گشتی مێژووی زارەکی لە توێژینەوەکان و دەقی مێژوونووسانە…🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە/٢پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان✍یونس قوربانیفەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی چێشتی مجێور، خۆم و هاوپۆلەکانم لە مەهاباد بە حەز و تاسەوە ئەم کتێبەمان دەست بە دەست دەکرد و دەمانخوێندەوە؛ بوونی هەژار لە کۆماری کوردستان، ژیانی پڕ لە سەختی ئەو، هەروەها بابەت و قسەخۆشەکانی لە زەین و بیرمان حەک کرابوو. دواتر چێشتی مجێور زیاتر چۆوە ناو خەڵک و بوو بە کتێبی هەموو چینەکان. بەڵام کە گێڕانەوە و بیرەوەریترمان بینی، کەوتینە شەک و گوومان لە هەژار و بەشێک لە گێڕانەوەکانی؛ لە هەژار و قەزاوەتەکانی؛ لە هەژار و بەرپرسیارێتی لە گێڕانەوە. کاتێک کتێبی " هەژاری مرۆڤ..." بڵاوکرایەوە، ئەوانەی حەز بە پەناگرتن لە ژێر سێبەری ئوستورەکان دەکەن و هەروەها ئەوانەی ئابووری بڵاوکردنەوەی نووسراوەکانی هەژاریان بە دەست گرتبوو، بە تووندی رووبەڕووی ئەو کتێبە بوونەوە، لە ڕاستیشدا لە پەراوێزخستنی سەرکەوتوو بوون. بەڵام تەنیا گێڕانەوەی شێرکۆی هەژار نەبوو، چێشتی مجێوری خستە بەر ڕەخنەی تووند، زۆر نووسراوە و گێڕانەوەیتر، ڕەخنەیان گرت لە هیندێک لە ووتەکان، بەشێک لەگێرانەوەکان و تۆمەتەکان و تەنانەت بێدەنگییەکانی هەژار. لێرەدا مەجاڵی وردەکاری زیاتر لەم بارەوە نییە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە چێشتی مجێور بۆچی پابەندی گێڕانەوەیەکی بەرپرسیارانە نەبووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ یادداشتێکی سەربەخۆ بە جێ ئەهێلم.دەگێرنەوە کاتێک بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی کەریم حیسامی بڵاوبۆوە، بە شۆخی ئەیانووت تۆ بڵیی لە بەرگی دووەم باسی کام پەیوەندی و نهێنی تاکەکەسی دیکهی خۆی بکا؟ کەریم حیسامی ئەگەرچی لە بەرگی دووهەم بە موڵاحیزەی زیاترەوە نووسی، بەڵام بیرەوەرییەکانی بوون بە مەیدانی نواندنەوەی هەموو پارادۆکسەکانی چاڵاکێکی سیاسی دانیشتووی هەندەران لەو سەردەمەدا؛ سەرگەردانی لە نێوان چەپبوون و نەتەوەییبوون، لە نێوان هەڵبژاردنی ئەم لایەن و ئەو لایەن، لە نێوان هەڵبژاردنی نیشتمان و هەندەران، لە نێوان گێڕانەوەی گونجاو و گێڕانەوەی خۆتەوەر... هەر ئەو سەرگەردانییە وایکرد، کەریم حیسامی لە زۆر بەشی بیرەوەرییەکانی لە گێڕانەوەیەکی بەرپرسیارانە دوورکەوێتەوە. بیرەوەرییەکانی نەوشیروان مستەفا لە پێگەی کەسی دووهەمی یەکێتی نیشتیمانی، بۆ ماوەیەکی هەرچەند کورت لە حوکمی مێژوویی فەرمیی حیزب لە قەڵەم دەدرا. سەرکردەیەکی دیار و ناسراو و نیزیکترین کەس لە مام جەڵال. بەڵام زۆری نەخایاند کە سەرکردە و ئەندامانی دیکەی یەکێتی بێدەنگی خۆیان شکاند و بە تایبەت دوای جیابوونەوەی نەوشیروان، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی خۆیان لە ڕابردووی یەکێتی و "شۆرشی نوێ". ئەگەرچی هەمووی ئەو بیرەوەرییانە لە دژایەتیکردن لە گەڵ پارتی هاوڕا و هاوبیر بوون، بەڵام لە گێڕانەوەکانی خۆیان بە جیاوازی ئەم ڕابردوویەیان باس ئەکرد؛ ئیتر نەوشیروان مستەفا خاوەنی مێژووی فەرمی یەکێتی نەبوو، تەنانەت خۆیشی دەستیکرد بە باسکردنی بابەتە باسنەکراوەکان، لەقاو دان و ناوزڕاندن. بەڵام لایەن و کەسانیتریش بێدەنگ نەبوون زۆریەک لە گێڕانەوەکانیی نەوشیروان مستەفایان خستە بەر ڕەخنە و حیکایەتی حیزبیان( پێشتر باسی حیکایەتی حیزبی کرابوو) بە جۆرێکیتر باسکرد. لە ڕاستیدا نەوشیروان مستەفا خۆی حیکایەتخوانی حیزبی بوو و گێڕانەوەی لە ڕابردووی حیزب و ڕووداوەکان بە هیچ شێوەیەک بەرپرسیارانە نەبوو.نموونەیەکیتر لە بیروەرەی و گێڕانەوەی نابەرپرسیارانە لە بیرەوەرییەکانی عومەر قازی، هەڵسووراو و چاڵاکی سیاسی کۆچکردوو، بەدی دەکرێ. چەندین جار نووسەری ئەو دێڕانە لە عومەر قازی بیستبوو کە بیرەوەرییەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە و لەوێدا نهێنییەکان باس دەکا. بەڵام بەداخەوە لە بەرگی یەکەمی ئەو بیرەوەرییانە، تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندن بە ڕادەیەک زەق بۆتەوە کە خوێنەر سەرنج نەداتە سەر بابەت و باسەکانیتریش. بە واتایەکی تر، نووسەر دەروەستی گێڕانەوەیەکی بەرپرسیارانە نییە و تەنیا لە گۆشەنیگای قەزاوەتە شەخسییەکانی خۆی باس لە کەسەکان و ڕووداوەکان دەکات.درێژەی هەیە


