🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان✍یونس قوربانیفەرنووسین و بڵاوکردنەوەی…
انتشار: 2026/07/23 12:21 UTC
🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان✍یونس قوربانیفەرنووسین و بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکان هەروا ڕووی لە زیادبوونە. وەکوو دیاردەیەک لە کوردستان، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی بیرەوەری و بە گشتی مێژووی زارەکی لە توێژینەوەکان و دەقی مێژوونووسانە زیاتر و بەرچاوترە. نیو سەدە لەمەوبەر لە حەفتاکانی سەدەی 20، و تەنانەت هەشتاکان، زۆر بە دەگمەن کتێبی بیرەوەری وەبەر چاو دەکەوت. ڕەنگە بتوانین بڵێین لە هەشتاکان و نەوەدەکان بوو بەرە بەرە لە چاپدان و بڵاوبوونەوەی کتێبی بیرەوەری، ڕووی لە زیادبوون کرد؛ کەسایەتییەکان، ڕێبەران و ئەندامانی باڵا و ئاسایی رێکخراوە و حیزبەکان دەستیان بە نووسینی بیرەوەری و ژیاننامەکانی خۆیان کرد.لە 2000 بەملاوە ئیتر بیرەوەری نووسین و بیرەوەری بڵاوکردنەوە وەکوو ئەکتێکی حیزبی و ڕێکخراوەیی لێهات؛ بەشێکی بەرچاو لە ڕێبەران و ئەندامانی ئێستا و پێشووی لایەنەکان دەستیان کرد بە نووسین و لە چاپدانی بیرەوەرییەکانیان. دیارە شوێنی لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو کتێب و نووسراوانە لە وڵاتانی ئەوروپایی و باشوور بوو. دواتر گۆڕانکارییەکان لە بواری دیجیتاڵ و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان، بواری بڵاوکردنەوە و خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی زۆر ئاسان کردەوە. دوای ئەو گۆرانکارییانە هەم کەسانێکی زیاتر وە شوێن حەز و خوڵیای نووسین و گێڕانەوە کەوتن، هەم بەردەنگێکی زیاتر چاوی بەم سەرچاوە و زانیارییانە کەوت.لە سەرەتاکاندا بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەکان دەکرا وەکوو گۆڕانکارییەک لێکدانەوەی بۆ بکرێت؛ گۆڕانکارییەک بە ئاراستەی ڵادانی گێرانەوەی ئەوانیتر و جێخستنی گێڕانەوەی خود. لە ڕاستیدا بیرەوەرییەکان لە کاتێکدا هاتنە مەیدانی گێڕانەوە و سیاسەتی مێژوو، کە گێرانەوەسازکردن و گێڕانەوەی مێژوو تەنیا لە بەردەست دەسەڵاتدا بوو. ڕێک لەو کاتانەی سیاسەتی گێڕانەوە، سیاسەتی مێژوو و سیاسەتی بیرەوەری بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی دەسەڵات بوو. لە لایەکیتر، کاتێک بیرەوەرییەکان هاتنە مەیدان کە گێڕانەوەی پاپیۆڵار تەنیا جێگرەوەی مێژووی فەرمی بوو، بەڵام لۆکاڵبوون و ناوچەتەوەربوونی گێڕانەوەی پاپیوڵار وای کرد کە هیچکات نەتوانێ جێگەی "مێژووی خود" بگرێتەوە. بەڵام ئەوە قۆناغی سەرەتایی بوو، قۆناغێک بۆ بناخەدانانی سیاسەتی مێژوو و سیاسەتی بیرەوەری و گێڕانەوەی خود؛ لەم قۆناغە ژمارەیەک بیرەوەری جێگەی سەرنج هاتنەدەر بە ڕوانینێکی تەواو جیاواز لە مێژووی فەرمی.بەڵام دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەکان لە قۆناغی سەرەتایی دەربازبوو، ئیتر تەنیا لە پێگەی جێگرەوەی مێژووی فەرمی لێکدانەوەیان بۆ نەکرا. بۆ نموونە کەریم حیسامی وەکوو ریوایەتگەر و شایەتحاڵی بێڵایەنی بەشێک لە ڕووداوە سیاسیەکان سەیری نەدەکرا؛ چوون هاوتەریب لە گەڵ ئەو، گێڕانەوەکانیتر بە ڕوانین و گۆشەنیگا و بەرژەوەندی جیاوازە بۆ بابەتە و پرسەکانیان دەروانی.هەروەها نووسراوەکانی نەوشیروان مستەفا تەنیا سەرچاوەی زانیاری دەربارەی یەکێتی نیشتیمانی لە قەڵەم نەدەدران؛ چوون گێرانەوەکانیتر مێژووی یەکیتی و ئەو قۆناغە لە مێژووی کوردستانیان بە شێوەیەکی جیا و دژ بە ئەو، ئەگیرایەوە.چێشتی مجێوری هەژار کە بۆ چەند سالێک گێرانەوەیەکی، تا ڕادەیەک، مەرجەع دەهاتە ئەژمار، بە " هەژاری مرۆڤ و دەور و بەری" و بە دەیان گێڕانەوەیتر تا ڕادەیەکی زۆر بایەخی مێژوویی خۆی لە دەستدا.ئەوانە چیمان پێ دەڵێین: گێڕانەوەکان، دەنگەکان، ڕیوایەتەکانی ڕابردوو بە یەک گێڕانەوە و یەک دەنگ و یەک حیکایەت، بەرتەسک نابێتەوە...درێژەی هەیە 👇👇


