بۆ خواردنی نانی بەیانی، ٢۵ خولەکێک لە بن تاقەدارێکی بی کە لە نزیک کانیی دوزەڕی هەڵکەوتووە، دانیشتین…
انتشار: 2026/07/28 16:39 UTCویرایش: 2026/08/01 00:09 UTCدریافت: 2026/08/14 21:13 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/14 21:13 UTC
بۆ خواردنی نانی بەیانی، ٢۵ خولەکێک لە بن تاقەدارێکی بی کە لە نزیک کانیی دوزەڕی هەڵکەوتووە، دانیشتین. دواتر ئاوی پێویستمان هەڵگرت و کاتژمێر ٧:۴٠ لە پاڵ "خەرسەنگ"ـەوە بەرەو لووتکە بەڕێ کەوتین. بەرەو لووتکە، دوو دۆڵی هاوتەریب بوونی هەیە کە ئێمە دەسی ڕۆژئاوامان هەڵبژارد کە تولەڕێیەکی دڵنیای هەیە. ئەم دۆڵە پڕ بوو لە بڵاڵووک، کە بەو پێیە خواردنی کۆئەندامی هەرس (گوارش) تێک ئەدات، سەرەڕای حەزێک کە بوومان، چاوپۆشیمان لە خواردنی کرد. کۆتایی ئەم دۆڵە دەگات بە دیوارەیەک لە تاشەبەردی بەرز و ڕێگاکە بە بەر ئەم تاشەبەردانا بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەڕوات و پاش ماوەیەک، لەسەر ملەیەک گەیین بە "تابلۆی یەکەم" کە لەسەری نووسراوە: "خستە نباشید"، واتە ماندوو نەبن. لە سێبەری بەردێک وچانێکمان دا و ئەمجارە بە پشت تاشەبەردەکانا و ئەمجارە بە ئاراستەی باکووری ڕۆژاوا درێژەمان بە ڕێگاکە دا تا گەیین بە "تابلۆی دووهەم" کە لەسەری نووسراوە: "زباله نریزیم"؛ واتە پاشماوە فڕە نەدەین. دیسان پاش وچانێکی کورت، بە هەمان ئاراستە درێژەمان بە ڕێگە دا تا لە ملەیەکی تر سەرکەوتین و ئەمجارە دیمەنی پەناگە و لووتکەمان بینی. پاش چەن خولەک، گەیشتینە پەناگە کە لە بەرزایی ٣١٠٠ میتری لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی ساز کراوە. بەشی پێشەوەی دیواری پەناگەکە بە بۆیەی زەرد ڕەنگ کراوە کە باشتر ببینرێت و هەروەها بە وزەی خۆر، کارەبای بۆ دابین کراوە. ئەم پەناگە جێی ۴٠ تا ۵٠ کەس دەکاتەوە کە بحەوێنەوە و دوو ژووری هەیە. جێی ئاماژەیە پەناگەی پەڕاو ئاوی نییە و شاخەوانان بەتایبەت لە وەرزی گەرمی ساڵدا کە بەفراو و بەهاراو نامێنێت، پێویستە لە کانیی دوزەڕی ئاو هەڵبگرن. لە لای ڕۆژهەڵاتی پەناگە، "مەیان" هەڵکەوتووە کە دەشتاییەکی گەورەیە و چەن چاڵایی تیایە. یەکێک لەم چاڵانە، ئەشکەوتی پەڕاوە کە بە قووڵایی زیاتر لە ٧٠٠ میتر، کاتی خۆی کە کاری گەڕان و پشکنینی بۆ کراوە بە قووڵترین ئەشکەوتی گۆی زەوی دەهاتە ئەژمار (گەرچی ئێستا زۆر ئەشکەوتی قووڵتر لە شوێنەکانی تر دۆزراونەتەوە).لە پەناگە وچانێکی کورتمان وەرگرت کە زۆر پێویست بوو، چون شەوی پێشتریا لە ڕێگەدا بووین و بە باشی نەخەوتبووین. یەکێک لە هاوڕێیانمان بڕیاری دا زیاتر سەرنەکەوێت و چەن هاوڕێی تر، کۆڵەکانیان لە پەناگە دانا و وەک کۆتا هەڵمەت، ڕوومان لە لووتکە کرد. بەردەمی لووتکەی پەڕاو، لێژاییەکی تیژە و ئێمە لەسەرخۆ و بە وریاییەوە بە بەردەکانیا سەرکەوتین و دواجار، کاتژمێر ١٣:١۵ پاش نزیکەی هەشت کاتژمێر ڕێپێوان، دەستەوملانی لووتکەی پەڕاو بووین. پیرۆزبایی و مانوونەبینیمان لە یەکتر کرد. بە تاک و بە کۆ وێنەمان گرت کە دواتر لە دەفتەری بیرەوەریمانا بمێنێت.دیوی باکووری چیاکە بەرەوخوارێکی سامناک و هەزار بە هەزار بوو. پەڵەبەفرەکان خۆیان خزاندبووە سێبەرەکان. سروەیەکی فێنک ئەهات. سووچێک لە شاری کرماشان ئەبینرا و دشتەکانی دەوروبەری وەک فەرش، ڕاخرابوون. دەوروبەری لووتکە پڕ بوو لە باڵندەی قاژ کە بە دەستە لە ئاسماندا سەمایان بوو و ڕەنگە بەزەییان بە ئێمەدا هاتبێت کە وەک مرۆڤ چەندە لە فڕین بێبەشین!پاش نیو کاتژمێرێک، لووتکەمان جێهێشت و گەڕاینەوە بۆ پەناگە. چەن کەسێکمان سەردانی ئەشکەوتی پەڕاومان کرد کە درگاکەی بە بەفر گیرابوو. بۆ فێنککردنەوەی ئاوەکانمان، بەفرمان هەڵگرت و لە پەناگە کۆبووینەوە. بە بڕیاری سەرپەرشتیاری بەرنامە، نانی نیوەڕۆمان لە پەناگەی پەڕاو خوارد و کاتژمێر ١۵:٣٠ ڕێگای درێژی گەڕانەوەمان گرتە بەر. بەو پێیە کە شوێنەکەمان دوورەدەست و بەرز بوو، دەمانزانی کە هەر هەنگاوێکی هەڵە، لەوانەیە ڕووداوێکی مەترسیداری لێ بکەوێتەوە. بۆیە بە هۆشیاری و ئارامی، هەنگامان دەنا. کە گەیینەوە لای تابلۆی یەکەم، بەرەوخوار دۆڵی لای ڕۆژهەڵاتمان هەڵبژارد. لەم دۆڵەدا ئەشکەوتی "یەکشەوە" هەڵکەوتووە کە بۆ کاتی تەنگانە وەک گیانپەنا، دیوار و درگای بۆ درووس کراوە و جێی ٧-٨ کەس دەکاتەوە. کاتژمێر ١٨:٠٠ گەیینەوە سەر کانیی دوزەڕی و دوو لە هاوڕێیان زەحمەتیان کێشابوو لە بەرمانەوە هاتبوون و چاییان لێنابوو. پاش وچانێ کورت و خواردنەوەی چایی و هەڵگرتنی ئاوی ساردی کانیاو، بە ڕێگای لای ڕۆژهەڵاتدا (وسمانە)، بە هەورازێکدا سەرکەوتین و گەشتینەوە سەر یاڵ و دیسانەوە بە ڕێیەکی پێچاوپێچی دوورودرێژدا لە لێژاییەکی تیژەوە هاتینە خوار. دەمەوئێوارە بوو. هەوا بەرەو تاریکی ئەڕۆی. لە پێدەشتەکاندا چراکان هەڵدەکران.پاش زیاتر لە ١۵ کاتژمێر ڕێپێوان، مانوویی و شەکەتی دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. لەم کاتانەدایە کە جیلوەکانی لێبوردەیی، هاوڕێیەتی، نەزم، زانست و ئەزموون تێکەڵ بەیەک دەبن و ئێمە لە هەورازەکانەوە دەگەیەنن بە پێدەشتە ئارامەکان. شاخەوانی ئەو ئەزموونەی پێداوین کە ئێمەی شاخەوان بە تاک ناگەیین بە ئەنجام. بۆیە بە ڕۆحی هاوکاری، دواهەنگاوەکانمان بڕی و لە دوای گەشتێکی دوور و درێژ کاتژمێر نزیکەی ٢١:٠٠ گەیشتینە خاڵی کۆتایی و سواری ماشین بووین.
