ڕاپۆرتی سەرکەوتنی گرووپی شاخەوانیی کاسارۆ بۆ کێوی پەڕاو (کرماشان)ڕێکەوت: هەینی، ١۴٠۵/۵/٢ژمارەی بەشد…
انتشار: 2026/07/28 16:38 UTCویرایش: 2026/08/01 00:09 UTCدریافت: 2026/08/14 21:13 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/14 21:13 UTC
ڕاپۆرتی سەرکەوتنی گرووپی شاخەوانیی کاسارۆ بۆ کێوی پەڕاو (کرماشان)ڕێکەوت: هەینی، ١۴٠۵/۵/٢ژمارەی بەشداربووان: ١٢ کەسسەرپەرشتیار: لەیلا ڕەحیمی نیازسەرپەرشتیاری تەکنیکی: موحەممەد عەبدوڵاهیپێشڕەو: کێوان سەیفیپاشڕەو و نووسەری ڕاپۆرت: موختار بارامیپەڕاو ناوی کێوێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان و بە بەرزایی ٣۴٠۵ مەتر لە ئاستی ئاوی زەریا، بەرزترین لووتکەی پارێزگای کرماشانە. پەڕاو بەشێکە لە کۆمەڵەکێو کە لە باکووری شاری کرماشان هەڵکەوتووە و بە ئاراستەی ڕۆژاوا-ڕۆژهەڵات کێشراوە. لەم کۆمەڵەکێوەدا جیا لە لووتکەی پەڕاو، لووتکەکانی تری وەک خەرامان، قوتە چەرموو، نمازگا، شاوداڵان، سێکەل و میلکان ڕووسی بوونی هەیە کە هەموویان لە ٣ هەزار مەتر بەرزترن. ئاسەوارە مێژووییەکانی بێستوون و تاقەوسان کە لە ڕیزی کەلەپووری جیهانیی ڕێکخراوی یۆنسکۆدا دەستنیشان کراون، بەشێکن لەم کۆمەڵەکێوە. ئەشکەوتەکانی پەڕاو، جۆجاڕ، غار قەڵا و ... بە قووڵایی سەدان مەتر، دیسان لە دڵی ئەم کۆمەڵەکێوەدایە. ئەمانە و دەیان دیاردەی سروشتی تر وەک سەراو، کانیاو، سەیرانگە، بەفرەچاڵ و ... بەشێکن لە جوانییە دڵڕفێنەکانی پەڕاو کە سەرنجی عاشقانی سروشت بۆ لای خۆی ڕائەکێشێت. سەرەتای مانگی گەلاوێژ بوو. وەک چەن مانگی ڕابردوو، دۆخی وڵات ئاسایی نەبوو و هەر ئەوەی کە بڕیارمان دابوو بچین، دەرخەری ئیرادە، لێبڕان و تامەزرۆییمان بوو. بەڕێوەبەری گرووپ دوای وەرگرتنی ڕای هەموو بەشداربووان، بە میکانیزمێکی دیموکراتیک و شیاو بڕیاری کۆتایی لەسەر "ڕۆیشتن" دا و دوودڵی و دڵەڕاوکێی زۆربەی ئەندامانی ڕەواندەوە.کاتژمێر ٢٤:٠٠ی پێنجشەممە لەسەر هەینی، ١ لەسەر ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ لە شاری مەریوانەوە بە مینیبووسێکی ئیسۆزۆ بەرەو کرماشان کەوتینە ڕێ. یەکێک لە هاوڕێکانمان لە هەواری بووک و مارانی پەیوەست بوو پێمانەوە. لە شاری کامێران بۆ سەندنی ئاوی بەستوو لاماندا. کاتژمێر ٠۴:٣٠ گەشتینە نزیک ئاوایی چاڵابە لە ١۶ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان. بۆ ڕۆیشتن بۆ کێوی پەڕاو، لە لاڕێگای گوندی چاڵابەوە لە ئوتووبانی کرماشان-هەمەدان جیا دەبیتەوە. ڕێگای دەستی ڕاست دەگریتە بەر تا دەگات بە پارکینگێک و دواتر، پۆستێکی ژینگەوانی (محیطبانی). ئێمە لە نزیکی پارکینگەکە لە ماشین دابەزین و دوای خۆڕێکخستن و بیستنی تێبینییەکانی سەرپەرشتیار، کاتژمێر ٠۴:۴٠ ڕێپێوانی خۆمان دەست پێکرد. سەرەتای ڕێگاکە، جادەیەکی ڕیخ و زبرە کە بەرەو باکوور لە پانتایی دەشتەکانەوە، دەتبات بەرەو دۆڵی "چڕوپڕ" کە وەک لە ناوەکەی دیارە، دارستانێکی جوانی داری بەڕووە و ١۵٠٠ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. دۆڵەکە وەک ئامفیتەئاترێکی سروشتی و مەزن دەردەکەوێت کە چواردەوری بە تاشەبەرد و کێوی بەرز گیراوە. ئێمە وەک ئەکتەری شانۆ لە ناوەڕاستی ئەم مەیدانە مەزنە، بە ڕیز و بەپەلە تەختایی ناو دۆڵەکە ئەبڕین. لە کێبەڕکێ لەگەل خۆردا، گەرەکمانە پێش ئەوەی گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین بدات لێمان، لەم قووڵاییە دەرچین. هەوا هێشتا تاریکە و بەرەو لووتکە کە ئەڕوانین، ڕووناکیی چرای ئەو شاخەوانانە ئەبینین کە بە درێژایی ڕێگا خەریکی سەرکەوتن یان هاتنەخوارەوەن. ئەزانین کە لە بەرزایی ٢١٠٠ میتری، کانیاوێک بوونی هەیە. ئامانجی دواترمان گەیشتنە بەم کانییە. لە دۆڵی چڕووپڕ بۆ کانیی دوزەڕی (سۆرانی: دزەڕێ) لانی کەم دوو ڕێگا بوونی هەیە. ڕێگەی وسمانە و ڕاوگە. ئەم ناوانەمان لە ڕێبوارانی ڕێگا بیست. ڕێگای یەکەم ڕاستەوڕاست و بە لێژاییەکی تیژدا لە شانی ڕۆژاوای ئاوڕەوگەی دۆڵەکەوە سەردەکەوێت (وسمانە) و سەرەتاکەی بە چەن فلەشێکی سەر بەردەکان دیاری کراوە. ڕێگای دووهەم (ڕاوگە) بەرەو ڕۆژاوا لار دەبێتەوە و تا کۆتایی جادەکە دەڕوات و دواتر بە ناو دۆڵێکدا بە لێژاییەکی نەرمدا سەردەکەوێت. ئێمە بۆ سەرکەوتن "ڕاوگە"مان هەڵبژارد و بۆ گەڕانەوە لە "وسمانە"وە هاتینە خوار. ڕێگاکەمان بەدەم مۆسیقای قاسپەی کەو و شنەی بەرەبەیانەوە دەبڕی.بەشێک لە دژواریی کێوی پەڕاو بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە هەڵبەزین و دابەزینی هەیە. دەبێ سەرەتا چینێک کێو ببڕیت، دواتر دابەزیت بۆ ناو دۆڵێک و دواتر دیسان بەرەو لووتکە هەڵکشێیت. ئێمە دوو کاتژمێر و نیو ڕێگامان پێوا و یەکەم کێومان بڕی و کاتژمێر ٧:١۵ گەیینە کانیی دوزەڕی کە لە ناو دۆڵێکی ئاران و تا ڕادەیەک سەرسەوزدایە. لەم دۆڵەدا دوو نیشانەی سەرەکی لەسەر ڕێگان: یەکەم کانیی دوزەڕی و دووهەم گابەردێکی زل و زەبەن کە پێی دەوترێ "خەرسەنگ". ئەم دۆڵە بەهۆی بوونی ئاو و لەوەڕگەوە، میلکان و هەوارگە و جێی ئاژەڵدارییە و کەڵەکی پەرچەی ئاژەڵی تیا هەڵچنراوە...👇@kasaro_mariwan
