کاتێک "شار" ماڵ به ماڵی نووسرایەوەبەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا حسێن عارفلەم پێنج کەسەی ساڵی ۱۹۷۰ ڕاگە…
انتشار: 2026/08/14 16:13 UTCدریافت: 2026/08/17 11:30 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/17 11:30 UTC
کاتێک "شار" ماڵ به ماڵی نووسرایەوەبەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا حسێن عارفلەم پێنج کەسەی ساڵی ۱۹۷۰ ڕاگەیێندراوی "ڕوانگە"یان واژۆ کرد، مامۆستا حسێن عارف دوایین کەس بوو کە دوێنێ، بیستی و یەکی مانگی گەلاوێژ، کوچی دوایی کرد. زۆربەی خوێنەرانی کورد حسێن عارف به دوو ڕۆمانی "شار" و "ئەندێشەی مرۆڤێک" دەناسن. له "ئەندێشەی مرۆڤێک"دا کامێرای گێڕانەوە بەشێوازی نووسەره مۆدێرنیستەکان زیاتر لەناو زەینی ئەو کاراکتێره سەرەکییەدا جێگیر کراوە کە وەکوو ڕووناکبیرێک لەناو کۆمەڵگای خۆیدا هەست به نامۆیی و تەنیایی دەکا. هەر بۆیه ئەو ڕۆمانە هەتا ڕادەیەکیش له شێوازی نووسینی ڕۆماننووسه ئەگزیستانسییەلیستەکان نزیک دەبێتەوە. لەم ڕۆمانەدا شێوەی زاڵی وەدەنگ هاتنی کاراکتێرەکە مۆنۆلۆگی دەروونییه. بەپێچەوانە، ڕۆمانی "شار" بەئاشکرا ڕەنگوڕووی ڕیالیزمێکی کۆمەڵایەتی پێوە دیاره. نووسەر له "شار"دا له گەشتێکی دوورودرێژی ماڵ و بازاڕ و قاوەخانە و کۆڵان و شەقامی سلێمانیی پەنجاکانی زایینیدا خوێنەر دەکاتە هاوڕێی خۆی. لێرەدا کامێرا لە دەرەوە ڕا وێنەکان و دیمەنەکان تۆمار دەکا و چرکەساتەکانی غەدر و نابەرابەری و ناگزووری و چەوسانەوە وێنا دەکا.له هەردووک ڕۆماندا، بابەت هەر مرۆڤی کورده، بەڵام له یەکێکیاندا جیهانی مرۆڤێکی تاک له دەروونەوە پێشان دەدرێ و لەوەی دیکەیاندا کەشوهەوای کۆمەڵگایەک لە دەرەوە ڕا تۆمار دەکرێ.له ڕەوتە مێژووییەکانی ئەدەبیاتی داستانیدا، عادەتەن ڕەوتە ڕیالیستییەکان لەباری کاتەوە وەپێش ڕەوتە مۆدێرنیستییەکان دەکەون، هەربۆیه ڕەنگە لەسەرەتادا وا هەست بکەین نووسەر لەپێشدا "شار"ی نووسیوە و دواتر پەرژاوەتە سەر "ئەندێشەی مرۆڤێک"، بەڵام لەڕاستیدا "ئەندێشەی مرۆڤێک" له سەرەتای حەفتاکاندا نووسرا و بەمەودای ساڵێک دوای مانیفێستی ڕوانگە بڵاو بووەوە، کەچی "شار" له نێوەڕاستی هەشتاکانەوە دەستی پێکرد و ساڵانێک دواتر کۆتایی پێهات.لەڕاستیدا "ئەندێشەی مرۆڤێک" گوڕوتینی ڕوانگەی پێوە دیار بوو. وەک بڵێی کاتێک پێویستییەکی ئەدەبی وای له بەشێک له نووسەرانی لاوی کورد کرد جاڕێک بۆ نوێبوونەوە و تازەگەری ڕابهێڵن، حسێن عارف به تێگەیشتن لەم پێداویستییه، هەم به واژۆ و هەم بە بەرهەم پشتگیری له نوێخوازەکان کرد، بەڵام دواتر کە ڕەوتەکە جێگای خۆی گرت و سەقامگیر بوو و ئەویش دەستی هاتەوە بەر خۆی، پەرژایەوە سەر پتانسیەله دەکار نەکراوەکانی گێڕانەوەی ڕیالیستی. ئەو خاڵەی کە هەموو نووسەرانی ڕوانگە لەسەری کۆک بوون بریتی بوو له پێداویستیی تێپەڕین له شێوازە باوەکانی نووسین. ڕوانگەییەکان چاک دەیانزانی چیان ناوێ بەڵام لەوانەیه هەر بەم وردبینییەوە نەیانزانیبێ چیان دەوێ. بۆیه کار و چالاکیی ڕوانگەییەکان هەرگیز له چوارچێوەیەکی هاوبەشی ئەدەبیدا نەمایەوە. بەرچاوترین بابەتی هاوبەشی ئەو نووسەرانە مانیفێستەکەیان بوو. ڕوانگە دووەمین ئەزموونی مێژووییی لەبەرانبەر یەکدا ڕاوەستانی نوێخوازی و نەریتخوازی له ئەدەبی کوردی له سەدەی بیستەمدا بوو. پێشتر مامۆستا گۆران گۆمه مەندەکەی شڵەقاندبوو. زەینی ڕاهاتوو به پێکهاتەی دووئەستوونیی شێعری کلاسیک، لەسەرەتادا ئەم پێکهاتە نوێیەی وا ئەو تەقاڕون و بەرانبەرکێیەی تێک دەدا و له هەر شێعرێکدا ئیماژ یان گێڕانەوەیەکی له یەک ئەستووندا، بەشێوەیەکی یەکپارچە و لە سەرەوەڕا بۆ خوار، دەنەخشاند، بۆ هەرس نەدەکرا. قوتابییەکی گۆڕان دەگێرێتەوە دەڵێ کاتێک بۆ یەکەم جار شێعرێکی گۆرانم بۆ شاعیرێکی نەریتخواز خوێندەوە بە سەرسوڕمانەوە گوتی ئەو شێوە شێعره لەگەڵ "حللوور بللوور تەکامە"ی منداڵان چ جیاوازییەکی هەیه؟ حللوور بللوور تەکامەی گەورەساڵان بەو گاڵتە و تێڕاخوڕینانە مەیدانی چۆل نەکرد و هەر مایەوە و بوو بە شێوازی زاڵیش. تەنانەت هێنده بوو بە شێوازی زاڵ، چەند دەیه دواتر ڕوانگەییەکان هاتن هەتا بۆ جارێکی دیکە به داهێنان و نوێخوازیی خۆیان گۆمه مەندەکە بشڵەقێننەوە. 👇t.me/dr_rehber
